دابینکردنی زەوی بۆ وارسی شەهید دابینکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ وارسی شەهیدانی سەنگەر و جینۆسایدکراوان بۆ یەک جار، بە مەبەستی نیشتەجێبوون، ئەم زەوییە نیشتەجێبوونە دیارییە و بێبەرامبەرە.
پێدانی ئاسانکاری بە بەڵێندەر و کۆمپانیا و هاوڵاتیان بریتییە لە بارمتە (رهن) دانانی موڵکێک یاخود چەند موڵکێکی گوازراوە و نەگوازراوە لە لایەن سەوداکارانی بانک بە تایبەت (بەڵێندەر و کۆمپانیا و هاوڵاتی) بۆ حکومەت، لە ڕێگای بانکە بازرگانییەکانەوە، تاکو بتوانن بۆ وەرگرتنی (مکشوف و کۆمپیالە و قەرزی کاش) یاخود بۆ دەستەبەری بانکی (خطاب ضمان) بەکاری بهێنن لە کاتی ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان.
دەستەبەرى بانکى (خطاب ضمان) هەر کۆمپانیا و بەڵێندەرێک لە کاتی وەرگرتنی تەندەرێک بۆ ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەک، پێویستە بە بەهای تێچووی ئەو پڕۆژەیەی ئەنجامی دەدات دەستەبەری بانکی (خطاب ضمان) لە یەکێک لە بانکە بازرگانییە حکومییەکان بکات، ئەمەش بە شێوەی دانانی پارەی کاش یاخود بارمتەکردنی (ڕەهنکردنی) موڵکە گوستراوە و نەگواستراوەکان (ئاسانکاری) دەبێت.
پێدانی پێشینەی نیشتەجێکردن و گەڕاندنەوەی لە لایەن سودمەندانەوە پێدانی پێشینەی نیشتەجێکردنە بەو هاوڵاتیانەی، کە یەکەیەکی نیشتەجێبوون دەکڕن لە یەکێک لەو پڕۆژە نیشتەجێکردنانەی مۆڵەت پێدراون لە دەستەی وەبەرهێنان، ئەمەش بۆ هاوکاری کار ئاسانی هاوڵاتییانە تاوەکو ببنە خاوەنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون.
وەرگرتنی باجی گواستنەوەی موڵکایەتی ئەو باجەیە، کە لە کاتی گواستنەوەی خاوەنداریەتیی موڵک لە لایەنی فرۆشیارەوە وەردەگیرێت بە گوێرەی نرخی موڵکەکە کە لە لایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە خەمڵاندنی بۆ دەکرێت.
وەرگرتنی باجی زەویی بەتاڵ ئەو باجەیە، کە لەسەر ئەو زەوییانەی کەوتوونەتە چوارچێوەی سنووری ئەمینداریەتی و شارەوانییەکان، لە مەڵبەندی پارێزگاکان و شارۆچکەکان و شارەدێیەکان، جا ئەگەر زەوییەکە خاوەندار بێت یان تەرخانکراو بێت یان سەر پشککراو بێت بە تۆمارکردنی خانووبەرە، یان درابێت بە زەوتکردن و دەست بەسەرداگرتن.
وەرگرتنی باجی خانووبەرە ئەو باجەیە، کە وەردەگیرێت لە خاوەن موڵک لە بەرامبەر بە کرێدانی خانوو یان شوقە یان باڵاخانە یان دوکان، بە ڕێژەی (١٠%) لە بەهای خەمڵێنراوی موڵکەکە.
وەرگرتنی باجی پیشە و کارە بازرگانییەکان هەموو خاوەن پیشە و چالاکییەکی بازرگانی و هەر سەرچاوەیەکی داهات، کە قازانجی ساڵانەی هەبێت باج دەیگرێتەوە، پێویستە خاوەن پیشە و کاری بازرگانی ساڵانە باجی خۆیان بدەن لە پوختەی ئەو قازانجەی بە دەستی دەهێنن.
بە کرێدان و فرۆشتن و تەرخانکردنی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەم خزمەتە بە کرێدان و فرۆشتن و بانانە (مساطحە)ی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە بە هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان، هەروەها تەرخانکردن و تۆمارکردنی زەوییە بۆ لایەنەکانی تری حکومەت.
پێدانی پێشینەی خانووبەرە و گەڕاندنەوەی پێشینەکە لە لایەن سودمەندانەوە پێدانی پێشینەی خانوبەرە بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە شار و قەزا و ناحیە و گوندەکان.