پاشگەزبوونەوە لە وەقف (الرجوع عن الوقف) بریتییە لە پاشگەزبوونەوە لە تۆمارکردنی ئەو موڵکەی کە بە وەقف تۆمارکراوە، پاڵپشت بە بەڵگەنامەیەک، کە لە دادگایەکی تایبەتمەندەوە دەرچووبێت یان بڕیارێکی دادگا، کە پلەی بنبڕی وەرگرتبێت.
تۆمارکردنی موڵک بە ناوی کەسی بیانی (تسجیل بأسم الأجانب) بریتییە لە تۆمارکردنی گرێبەستی فرۆشتنی موڵکێک لەگەڵ کڕیارێکى (بیانی)، بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان.
بەڵگینە (استشهاد) بریتییە لە پێدانی زانیاری تایبەت بە موڵک لە چوارچێوەی دەقی داواکاری بۆ لایەنی فەرمی یان دادگا یان خاوەنی موڵکەکە، کە داوا دەکات یان هەر کەسێک دوای ئەوەی، کە هۆکاری بەجێ پێشکەشی فەرمانگە دەکات.
تۆمارکردنی بارمتەی دەستداری (الرهن الحیازی) تۆمارکردنی گرێبەستێکە لە نێوان خاوەن قەرز و قەرزدار، بە دانانی موڵکی قەرزدار لە ژێر بارمتە، بەو مەرجەی موڵکەکە بخاتە ژێر دەستی خاوەن قەرز یان دەستێکی باوەڕپێکراو (ید عدل)، بە مەرجێک ناوی ئەو کەسە لە تۆماری هەمیشەییەکە و مامەڵەکە تۆمارکرابێت. ئەم گرێبەستە بە ڕەزامەندی و دانپێدانانی (اقرار) هەردوو لایەن ئەنجامدەدرێت.
ڕێپێدانی ڕەفتارکردن لەسەر موڵکی ناکام بریتییە لە ڕەزامەندیدان لەسەر ڕەفتارکردنی ماڵیی (گوازراوە، نەگوازراوە) بە موڵکی ناکام وەک (کڕین، فڕۆشتن، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی خانوو، یان جیاکردنەوە و یەکخستنی موڵکی ناکام)، بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە بەشی ناکام.
بەكرێدانی موڵكەكانی ئەوقاف به شێوهی ڕووبهندی (مساطحة) بەكرێدانی موڵكێكی ئەوقاف به شێوازی ڕووبهندی (مساطحة)، به مهبهستی زیادكردنی داهاتی وهقف به جۆرێک، كه خزمهت و پارێزگاری له ماڵی مهوقوف بكات.
تۆمارکردنی خۆماڵەکردن (تسجیل الاستملاك) موڵکی تایبەتە، حکومەت دەیگۆڕێت بۆ موڵکی گشتی، بە ناوی دامەزراوەیەکی حکومییەوە تۆماری دەکات و قەرەبووی خاوەنەکەی دەکاتەوە، حکومەت موڵکەکە بۆ خزمەتی گشتی بەکاردەهێنێت، یان موڵکی گشتییە و لە ڕێگای خۆماڵەکردنی کارگێڕییەوە، خاوەنداریەتییەکەی لەسەر ناوی دامەزراوەیەکی حکومییەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر ناوی دامەزراوەیەکی تری حکومی، بە ڕەزامەندیی هەردوو لایەن.
یەکخستنی موڵک (توحید العقار) بریتییە لە یەکخستنی دوو (٢) پارچە زەوی یان زیاتر بۆ ئەوەى بکرێنە یەک (١) پارچەی گەورەتر و یەک (١) ژمارە وەربگرێت.
لە جیاتی دانان (الاستنابة) فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی تایبەتمەند بۆی هەیە فەرمانگەیەک لە فەرمانگەکانى تۆمارکردنى خانووبەرە لە جیاتی خۆی ڕابسپێرێت، تۆماری گرێبەستێک بکات لە سەر داخوازیی لایەنێکی گرێبەستەکە، واتە تەواوکردنی کڕین و فرۆشتنی موڵک لە نێوان دوو فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەمان شار یان دوو شاری جیاواز، یەکێکیان لە جیاتی ئەوەی تر مامەڵەکە تەواودەکات.
بەدەستهێنانی وێنەی تۆماری موڵک بەڵگەنامەیەکە لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان و تێبینەرایەتییەکان دەردەچێت بە گوێرەی تۆماری هەمیشەیی، دوای ئەوەی تۆمارکردنەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت، دواتر دەدرێت بە خاوەن موڵک، کە هاوچەشنە لەگەڵ تۆمارە هەمیشەییەکەی.