تۆمارکردنی وەسیەت (تسجیل الوصیة) تۆمارکردنی وەسیەتی کەسێكە، کە خاوەن موڵکە و تێیدا مافی خاوەندارێتییەکەی دەگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر لە دوای مردنی، بۆ بەناوکردنی موڵکەکە، یاخود پێدانی بڕی بەهای ئەو موڵکەی، کە وەسیەتی لەسەر کراوە یان سوودەکەی، بۆ کەسی وەسیەت بۆکراو، بە پێی بڕیاری دادگا یان بەڵگەنامەی وەسیەت (حجة الوصیة).
پەسەندکردنی نەخشە و وێنەکەی بریتییە لە پێدانی وێنەیەک لە نەخشەی موڵک، کە پەسەندکراو بێت، لەسەر داوای خاوەن موڵک یاخود لایەنێکی فەڕمی.
داواکاری تۆمارکردنی مافی نایاب (طلب تسجیل حق الامتیاز) بریتییە لە وەرگرتنەوەی قەرزی خاوەن قەرزێک پێش خاوەن قەرزەکانی دیکە، وەک پێشخستنی بەهای فرۆشراو بۆ فرۆشیار، یان ئەو شایستانەی، کە تایبەتن بە بەڵێندەر و ئەندازیار، کە لە ئەستۆی خاوەن باڵاخانەی سەر موڵکەکەیە، یان پێشخستنی هاوبەش لەکاتی دابەشکردنی موڵک؛ ئەگەر یەکێک لە هاوبەشەکان زەرەرمەند بێت لە ئەنجامی دابەشکردنەکە. هەموو ئەمانەش بە دانپێدانانی لایەنەکان یان بە بڕیاری دادگا دەبێت، کە پلەی بنبڕی وەرگرتبێت.
داواکردنی فرۆشتنی موڵک بە زێدەگری (طلب البیع بالمزایدة) بریتییە لە فرۆشتنی موڵکێک لە لایەن فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە بە شێوەی زێدەگری، کە نیشانەی بارمتە یان مافی نایابی لەسەر تۆمارکراوە، بە پێشکەشکردنی داواکارییەکی نووسراو لە لایەن خاوەنی قەرز، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی قەرزەکەی و سوودەکانی ئەگەر شایستەی بوو ( مستحق الاداء).
پاشگەزبوونەوە لە وەقف (الرجوع عن الوقف) بریتییە لە پاشگەزبوونەوە لە تۆمارکردنی ئەو موڵکەی کە بە وەقف تۆمارکراوە، پاڵپشت بە بەڵگەنامەیەک، کە لە دادگایەکی تایبەتمەندەوە دەرچووبێت یان بڕیارێکی دادگا، کە پلەی بنبڕی وەرگرتبێت.
تۆمارکردنی موڵک بە ناوی کەسی بیانی (تسجیل بأسم الأجانب) بریتییە لە تۆمارکردنی گرێبەستی فرۆشتنی موڵکێک لەگەڵ کڕیارێکى (بیانی)، بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان.
بەڵگینە (استشهاد) بریتییە لە پێدانی زانیاری تایبەت بە موڵک لە چوارچێوەی دەقی داواکاری بۆ لایەنی فەرمی یان دادگا یان خاوەنی موڵکەکە، کە داوا دەکات یان هەر کەسێک دوای ئەوەی، کە هۆکاری بەجێ پێشکەشی فەرمانگە دەکات.
تۆمارکردنی بارمتەی دەستداری (الرهن الحیازی) تۆمارکردنی گرێبەستێکە لە نێوان خاوەن قەرز و قەرزدار، بە دانانی موڵکی قەرزدار لە ژێر بارمتە، بەو مەرجەی موڵکەکە بخاتە ژێر دەستی خاوەن قەرز یان دەستێکی باوەڕپێکراو (ید عدل)، بە مەرجێک ناوی ئەو کەسە لە تۆماری هەمیشەییەکە و مامەڵەکە تۆمارکرابێت. ئەم گرێبەستە بە ڕەزامەندی و دانپێدانانی (اقرار) هەردوو لایەن ئەنجامدەدرێت.
هۆشداری لابردنی بريکارنامە بۆ ئاگادارکردنهوهى بريکاردەر یان بریکارە به پوچەڵکردنەوەی ئەو بریکارنامە تايبهتییە یان گشتییەی، کە پێشتر، لە نێوانیاندا ئەنجامدراوە.
هۆشداری و سپاردن (الانذار و الایداع) ئهستۆى دارایی (ذمة مالیة) کهسێکه لاى کهسێکى تر، کە ناتوانێ ڕاستهوخۆ پێی بداتهوه و له ڕێگهى دادنوسهوه بۆ خاوهنهکهى دهیگهڕێنێتهوه يان دهيپارێزێت. بەهۆى ئەوەى خاوهنهکهى (له دهرهوهى وڵاته يان کێشە لەنێوانیاندا هەیە يان کۆچیکردووه بۆ ميراتگرانى دهگهڕێندرێتهوه).