بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی شەھیدان و ئەنفالکراوان

خەرجکردنەوە و گرتنە ئەستۆی خزمەتگوزاری کرێی خوێندنە بۆ کچ و کوڕ و هاوسەری شەهیدانی سەنگەر و جینۆساید، کە لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەخوێنن.
شەهید: هەرکەسێک گیانی خۆی بەختکردبێت لە کاتی بەرخودانی چەکداریی وەک پێشمەرگەیەک یان خەباتی سیاسی وەک بەرگریکردنێک لە مافی پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دژ بە ڕژێمە داپلۆسێنەرە یەک لە دوای یەکەکان لە کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێندەکرێت:
آ- شەهیدی سەنگەر: هەر کەسێک لە کاتی بەرخودانی چەکداریی وەک پێشمەرگەیەک یان خەباتی سیاسی یان لە دەرەنجامی هەردووکیان، دژ بە ڕژێمە داپلۆسێنەرە یەک لە دوا یەکەکان وەک بەرگریکردنێک لە خاک و گەلی کوردستان شەهیدبووبێت.
ب- شەهیدی جینۆساید: هەرکەسێک شەهید بووبێت لە ئەنجامی تاوانەکانی جینۆساید، لە کاتی تاوانەکانی ئەنفال، بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی، جینۆسایدی بارزانییەکان یان کوردە فەیلییەکان، یاخود هەر تاوانێکی تری ئەنجامدراو دژ بە پێکهاتەکانی گەلی کوردستان لە کورد، تورکمان، کلدان، سریان، ئاشورییەکان، ئەرمەنەکان و ئەوانی تر.
ج- شەهیدی هاوڵاتی: هەر کەسێک شەهید بووبێت لە ئەنجامی کارە جەنگییەکان، کارە تیرۆریستییەکان یان کۆچپێکردنی زۆرەملێ، یاخود لە کاتی کۆچڕەوە ملیۆنییەکەی گەلی کوردستان و کۆچ پێکردنەکانی تر.
بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی هەر کەسێکە، کە لە ئەنجامی تاوانی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە لایەن ڕژێمە داپڵۆسێنەرە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە، لە کوردستان زیانی جەستەییان بەرکەوتبێت و کاریگەرییەکانی بەردەوام بێت.
کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان (دایک، باوک، هاوسەر، کچ، کوڕ، خوشک، برا) و زیندانیکراو و گیراوی سیاسی (ئەوەی منحەی مانگانە وەردەگرێت) لە کرێی پشکنین، چارەسەرکردن و نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەکانی حکومی لە ناو هەرێمدا دەبەخشرێن.
گۆڕینی وارسە لە کاتی کۆچی دوایی وارسی شەهیدان و ئەنفالکراوان، یاخود دابەشکردنی مووچەی شەهیدان و جینۆسایدکراوانە بە یەکسانیی لە نێوان ئەو وارسانەی بەپێی یاسا مافی بوون بە وارسیان هەیە. ئەم خزمەتە لە کاتێکدا پێشکەشدەکرێت کە وارسی شەهید و جینۆسایدکراوان خۆیان داوای بکەن.
دابینکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ وارسی شەهیدانی سەنگەر و جینۆسایدکراوان بۆ یەک جار، بە مەبەستی نیشتەجێبوون، ئەم زەوییە نیشتەجێبوونە دیارییە و بێبەرامبەرە.
خزمەتێکە پێشکەش بە کچ و کوڕی شەهیدی سەنگەر و جینۆسایدکراوان دەکرێت لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری، بە بڕی (١,٠٠٠,٠٠٠) یەک ملیۆن دینار. ئەو بڕە پارەیە کە پێیان دەدرێت (منحەیە)، لە لایەن حکومەتەوە لێيان وەرناگیرێتەوە.
ئەم خزمەتە پێشکەشدەکرێت بۆ ئەو کچ و کوڕانە کە بۆ جاری یەکەم هاوسەرگیری دەکەن.
ساڵانە لە پشکی گشتی حەجی خەڵکی هەرێمی کوردستان وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پشکێکی تایبەت بۆ کەسوکاری (کچ، کور، خێزان، دایک، باوک، خوشک و برا) سەربەرزی شەهیدانی سەنگەر و جینۆسایدکراوان تەرخاندەکات بۆ ئەنجامدانی سەفەری فەریزەی حەج.