بەڕێوەبەرایەتیەکان و تێبینەرایەتیەکانی خانوبەرە

زەوی و خانووبەرە ئەگەر گۆڕانکاریی بەرجەستەیی (مادي) بەسەردا هات، وەک بیناکردن یان تێکدان یان زیادکردنی شتی نوێ یان هەر گۆڕانێک لە پێکهاتەکەی ڕووبدات و ببێتە هۆی ئەوەی گۆڕان لە شێوە و سوود و بەکارهێنانیدا ببێت یان بە تێکدانی پێکهاتەکەی، دەبێت ڕەگەزی موڵکەکە ڕاستبکرێتەوە، واتە دەبێت خاوەن موڵک موڵکەکەی بە فەرمی بگۆڕێت، بۆ نموونە پێشتر زەوی بووبێت ئێستا کرابێتە خانوو.
مەبەست لەسەرلە نوێ‌ تۆمارکردن چەسپاندنی مافی خاوەنداریەتیی موڵکە و تۆمارکردنی بە ناوی خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی لە تۆمارەکانی خانووبەرە و دەرکردنی وێنەی تۆماری موڵکەکەیە بە پێی یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە.
بەخشین (هبة) بریتییە لە تۆمارکردنی بەخشینی موڵک لە لایەن خاوەن موڵک، بە بێبەرامبەر یان بەرامبەر بڕێکی ڕەمزی، یاخود بەرامبەر بە چەند مەرجێک، وەکو مەرجی بەخێوکردنی بەخشەر لە لایەنى پێبەخشراو.
تۆماری بەخشینی موڵک زیاتر لە نێوان ژن و مێرد، یان لە دایک و باوکەوە بۆ منداڵەکانیان، یاخود بە پێچەوانەوە، ئەنجامدەدرێت.
تۆمارکردن و پشتگیریکردنی وێنەی تۆماری موڵکێكە، کە بەپێی یاسا لە لایەن فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە پەسەندکراو بێت، بۆ ئەو موڵکانەیە کە تۆماری هەمیشەیی و دۆسییەکانیان لەناوچووبێت یاخود عەیبدار بووبێت.
مەبەست لێی ڕێککەوتنی میراتگران یان بەشێکیانە لەسەر دەرهێنانی هەندێکیان لە میرات یان لەسەر گواستنەوەی مافیان لە بەرامبەر قەرەبوویەکی دیارکراو لە میرات. یان قەرەبوویەکی تر یان موڵکێک بەناوی چەند کەسێک بێت و یەکێکیان یان زیاتر لێی دەربچێت و واز لە پشکی خۆی بێنێت، مامەڵەی لێدەرچوون (تخارج) دەکات بەپێی بەڵگەنامەی لێدەرچوون (حجة التخارج) کە لە دادگای تایبەتمەند دەرچووبێت.
مافی بانانە، گرێبەستێکە لە سەر موڵکێک لە نێوان خاوەن موڵک و بەکرێگری بانانە، بە گرێبەستی بەکرێدانی درێژخایەن ناودەبرێت، بەپێی ناوەڕۆکەکەی خاوەن موڵک مافی بیناکردن و بەکارهێنان دەدات بە کرێگر بەپێی ئەو مەرجانەی لە گرێبەستەکەدا لەسەری ڕێککەوتوون.