تۆمارکردنی گرێبەستی بارمتەی دەستداری (الرهن الحيازي) بریتییە لە تۆماركردنی گرێبەستێك لە نێوان خاوەن قەرز و قەرزدار بە دانانی موڵكی قەرزدار لەژێر بارمتە بەو مەرجەی موڵكەكە بخاتە ژێر دەستی خاوەن قەرز یان دەستێكی باوەڕپێكراو (يد عدل) كە ناوی ئەو كەسە لە تۆماری هەمیشەییەكە و لە مامەڵەكە تۆمار كرابێت و ئەو رەفتارە بە دانپێدانانی (اقرار) هەردوو لایەن ئەنجام دەدرێت بۆ بەرژەوەندی خاوەن قەرز.
تۆمارکردنی موڵک بە ناوی کەسی واتایی (تسجیل العقار باسم الشخص المعنوي) بریتییە لە تۆمارکردنى گرێبەستێک لە نێوان فرۆشیار و کڕیار، بەڵام کڕیار کەسى واتاییە (شخص معنوي)، بەپێى یاسا ئەم کەسایەتییە پێدراوە وەکو (کۆمپانیا و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان)، کە بەپێی چەند مەرجێک و ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆمارکردنەکە ئەنجامدەدرێت.
وەقفکردنی موڵک و تۆمارکردنی (تسجیل الوقف) بریتییە لە تەرخانکردنی موڵک و تۆمارکردنی لە فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە بە ناوی فەرمانگەی ئەوقافی تایبەتمەند ئەگەر وەقف (مضبوط) بوو، یان بە ناوی (الواقف و الموقوف علیها) لەگەڵ دیاریکردنی جۆری وەقفەکە و مەرجەکانی وە ناوی سەرپەرشتیار (المتولی)، ئەگەر وەقفەکە لە جۆری (الاوقاف الملحقة) بوو، ئەو تۆمارکردنە پشت بە بەڵگەنامەیەکی شەرعی (حجة شرعیة) یان بڕیارێکی دادگا دەبەستێت، کە پلەی بنبڕی وەرگرتبێت.
تۆمارکردنی وەسیەت (تسجیل الوصیة) تۆمارکردنی وەسیەتی کەسێكە، کە خاوەن موڵکە و تێیدا مافی خاوەندارێتییەکەی دەگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر لە دوای مردنی، بۆ بەناوکردنی موڵکەکە، یاخود پێدانی بڕی بەهای ئەو موڵکەی، کە وەسیەتی لەسەر کراوە یان سوودەکەی، بۆ کەسی وەسیەت بۆکراو، بە پێی بڕیاری دادگا یان بەڵگەنامەی وەسیەت (حجة الوصیة).
پەسەندکردنی نەخشە و وێنەکەی بریتییە لە پێدانی وێنەیەک لە نەخشەی موڵک، کە پەسەندکراو بێت، لەسەر داوای خاوەن موڵک یاخود لایەنێکی فەڕمی.
داواکاری تۆمارکردنی مافی نایاب (طلب تسجیل حق الامتیاز) بریتییە لە وەرگرتنەوەی قەرزی خاوەن قەرزێک پێش خاوەن قەرزەکانی دیکە، وەک پێشخستنی بەهای فرۆشراو بۆ فرۆشیار، یان ئەو شایستانەی، کە تایبەتن بە بەڵێندەر و ئەندازیار، کە لە ئەستۆی خاوەن باڵاخانەی سەر موڵکەکەیە، یان پێشخستنی هاوبەش لەکاتی دابەشکردنی موڵک؛ ئەگەر یەکێک لە هاوبەشەکان زەرەرمەند بێت لە ئەنجامی دابەشکردنەکە. هەموو ئەمانەش بە دانپێدانانی لایەنەکان یان بە بڕیاری دادگا دەبێت، کە پلەی بنبڕی وەرگرتبێت.
داواکردنی فرۆشتنی موڵک بە زێدەگری (طلب البیع بالمزایدة) بریتییە لە فرۆشتنی موڵکێک لە لایەن فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە بە شێوەی زێدەگری، کە نیشانەی بارمتە یان مافی نایابی لەسەر تۆمارکراوە، بە پێشکەشکردنی داواکارییەکی نووسراو لە لایەن خاوەنی قەرز، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی قەرزەکەی و سوودەکانی ئەگەر شایستەی بوو ( مستحق الاداء).
پاشگەزبوونەوە لە وەقف (الرجوع عن الوقف) بریتییە لە پاشگەزبوونەوە لە تۆمارکردنی ئەو موڵکەی کە بە وەقف تۆمارکراوە، پاڵپشت بە بەڵگەنامەیەک، کە لە دادگایەکی تایبەتمەندەوە دەرچووبێت یان بڕیارێکی دادگا، کە پلەی بنبڕی وەرگرتبێت.
تۆمارکردنی موڵک بە ناوی کەسی بیانی (تسجیل بأسم الأجانب) بریتییە لە تۆمارکردنی گرێبەستی فرۆشتنی موڵکێک لەگەڵ کڕیارێکى (بیانی)، بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان.