بريکارنامەى تايبەت بريکاردەر (الموکل) کەسێک دەکاتە بريکارى (الوکيل) خۆى، بە مەبەستى جێبەجێکردنى کارە ياساييەکانی لە بری خۆى کە لەگەڵ یاسا و دابونەریتەکان بگونجێت.
پەسەندکردنی وەرگێڕانی بەڵگەنامەی فەرمی بریتییە لە پەسەندکردنی وەرگێڕانی ئەو بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتانەی کە لە لایەنێکی فەرمییەوە دەردەچن.
جێبەجێکردنى بڕيارەکانى دادگا و مامەڵە بازرگانییەکان تایبەتە بە جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی دادگاکان و بڕیارەکانی تایبەت بە مافی گشتی یان مافی تایبەت لە مامەڵە بازرگانییەکان و جێبەجێکردنی بڕیاری وەرگرتنەوەی قەرزی حکومەت لە کۆمپانیا و هاوڵاتیان.
دەستەبەری گڵدانەوە (الکفالة الحجزية) گڵدانەوەی موڵکێک یان سەرچاوەیەکی فەرمی داهاتە لە فەرمانگە دادنوسییەکان بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی فەرمی لەسەر داواکاری ئەو لایەنە.
هۆشداری لابردنی بريکارنامە بۆ ئاگادارکردنهوهى بريکاردەر یان بریکارە به پوچەڵکردنەوەی ئەو بریکارنامە تايبهتییە یان گشتییەی، کە پێشتر، لە نێوانیاندا ئەنجامدراوە.
هۆشداری و سپاردن (الانذار و الایداع) ئهستۆى دارایی (ذمة مالیة) کهسێکه لاى کهسێکى تر، کە ناتوانێ ڕاستهوخۆ پێی بداتهوه و له ڕێگهى دادنوسهوه بۆ خاوهنهکهى دهیگهڕێنێتهوه يان دهيپارێزێت. بەهۆى ئەوەى خاوهنهکهى (له دهرهوهى وڵاته يان کێشە لەنێوانیاندا هەیە يان کۆچیکردووه بۆ ميراتگرانى دهگهڕێندرێتهوه).
هۆشداری (انذار) هۆشداری پێدانە لە لایەن کەسێک یان لایەنێک بە کەسێک یان لایەنێکی تر، بۆ مەبەستێکی دیارکراو، بە مەرجێک هۆشداری پێدانەکە ناو زڕاندنی تێدا نەبێت و لە چوارچێوەی یاسا و دابونەریت دەرنەچێت.
تۆمارکردنی گرێبەستی بەکرێدان گرێبەستێکە لە نێوان کەسێک یان چەند کەسێکی ئاسایی یاخود مەعنەوی، بۆ بە کرێدانی ماڵێکی گواستراوە یاخود نەگواستراوە. لە گرێبەستەکە بە چەند خاڵ و مەرجێک ماف و پابەندبوونی هەردوو لایەن، کە لە سەری ڕێک دەکەون، دیاری دەکرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یاخود دیارینەکراو.
کۆمپیالە بەڵگەنامەیەکی یاساییە لە نێوان خاوەن قەرز و قەرزدار بۆ گەرەنتی کردنی مافەکانی خاوەن قەرز، کە قەرزدار ئامادەی دەکات بۆ خاوەن قەرز.
دانپێدانان بە وەرگرتنی بڕی پارەی کۆمپیالە (هەڵوەشاندنەوەی کۆمپیالە) فەرمانگەی دادنوسی دانپێدانانی خاوهن قهرز وەردەگرێت، کە بڕی تەواوی ئەو قەرزەی لە ئەستۆی قەرزدار بووە و بەپێی کۆمپیالەیەک لە نێوانیاندا ڕێکخراوە، وەرگرتووەتەوە.