وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی باخچەی منداڵانی ناحکومی

زنجیرە: 
MED01

وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی باخچەی منداڵانی ناحکومی (ئەهلی) ، ڕەخساندنی بواری نوێی زیاتر بۆ پەروەردە و فێرکردن، وێڕای تواناکانی حکومەت زەمینەی گونجاو بۆ کێبرکێ لەبواری پەروەردەی دروست لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دێتە کایەوە بە مەبەستی هاندانی پرۆسەی وەبەرهێنانی نیشتیمانی و بیانی لە هەرێمدا لەبوارەکانی پەروەردە و فێرکردن لەچوارچێوەی بەرنامە و سیستەمی مۆدێرن .

دەزگای بەرپرس: 
وەزارەتی پەروەردەبەڕێوەبەرایەتی گشتی فێرکردنی بنەڕەتی و باخچەی ساوایانبەڕێوەبەرایەتی باخچەی ساوایان
مافی وەدەستهێنان: 

هەر كەسێكی سروشتی یان مەعنەوی بە تەنیا یان كۆمەڵ مافی دامەزراندنی باخچەی منداڵانی ناحكومی هەیە بەپێی یاسای ژمارە (14)ساڵى 2012 ماددەى سێیەم خاڵى یەکەم .

مەبەست: 

بە مەبەستی کردنەوەی باخچەی ساوایانی ناحکومی(ئەهلی ) شان بە شانی باخچەی ساوایانی حکومی کە خزمەتی پەروەردەیی پێشکەش بکەن. منداڵانی تەمەن (4-5) ساڵ تێییدا دەخوێنن و ئەم قۆناغە ناکەوێتە سنووری خوێندنی ئیلزامی.

مەرجەکان: 

١. دیاریکردنی ئامانجی گشتی و تایبەتی لە وەرگرتنی ئەم مۆڵەتە و پێویستە پڕۆژەکە خزمەتێک پێشکەش بە ئامانجە پەروەردەییەکان بکات بەجۆرێک توانای یارمەتیدانی هەبێت لە باشترکردنی کوالیتی پەروەردە.

٢. دیاریکردنی سوودی ئابوری، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی پڕۆژەکە و پێویستە ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ بەها نیشتیمانی و پرنسیپە گشتی و تایبەتییەکانی کۆمەڵگا بگونجێت.

٣ دیاریکردنی سەرچاوە داراییەکان و لایەنی پاڵپشت.

٤. دیاریکردنی بڕی کرێی خوێندن.

٥. دەستنیشانکردنی ناوێکی تایبەت و جیاکەرەوە بۆ باخچەکە لەگەڵ تایبەتمەندییە کولتوری و پەروەردەیی و نیشتیمانییەکانی هەرێمدا بگونجێت.

٦. دیاریکردنی ژمارەی ئەوپەڕی منداڵان کە باخچەکە دەتوانێت لەخۆی بگرێت (بەپێی توانای شوێنەکەی).

٧. دیاریکردنی زمانی خوێندن (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، هتد).

٨. ئامادەکردنی پلانی خوێندن لەگەڵ پرۆگرامەکانی خوێندن.

٩. رەزامەندی و پشتگیری هەریەک لە (بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی، شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی باجی دەرامەت) هەبێت کە لە وەزارەت نوسراوی فەرمییان ئاڕاستە دەکرێت.

١٠. میلاکی تەواو بێت کە رێژەی میلاک لە (80%) کەمتر نەبێت و وانەبێژی لە (20%) زیاتر نەبێت.

١١. رووبەری بینای باخچەی منداڵان لە 600 م2 کەمتر نەبێت و باخچەی هەبێت کە رووبەرەکەی لە 150م 2 کەمتر نەبێت بەپێی ماددەی (25) خاڵی (13).

١٢. گۆڕەپانی وەرزشی و باخچە و کافتریا و هۆڵی تێدابێت بەپێی پێویست.

١٣. ژمارەی ژوورەکانی لە (2) کەمتر نەبێت و ڕووبەری ژوورەکانی لە (5x6) م2 بچووکتر نەبێت.

بەڵگەنامەکان: 

١. ناسنامەی باری شارستانی: بۆ زانینی هاولآتی بوونی وە ئەگەر عێراقی نەبوو پێویستە پاسپۆرت پێشكەش بكات.

٢. بەڵگەی دارایی: ئامادەکردنی دەستەبەری مسۆگەر (کفالە ضامنة) بە رێژەی 5% ی داهاتی ژمارەی قوتابیانی وەریان دەگرێت و بۆ دڵنیابوون لە توانای دارایی ئەو کەسەی کە باخچەکە دادەمەزرێنێت.

٣. بەڵگەی خانوبەرە: بۆ دڵنیابوون لە ڕووبەر و شوێنی بیناکە کە لە فەرمانگەی تۆماری خانوبەرە ئاماژەی پێکراوە.

٤. بڕوانامەی مامۆستا و کارمەندانی: بۆ دڵنیابوون لە بڕوانامە و پسپۆری گشت کارمەندان.

٥. ژیاننامە (CV) ی بەڕێوەبەر و یاریدەدەر: بۆ زانینی توانای کارگێڕی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکەی.

٦. پلانی خوێندن: بۆ ئاگاداربوون و زانینی چالاکی پلانی ساڵانەی باخچەکە.

٧. پیشتگیری تەندروستی کارمەندان: بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و سەلامەتی کارمەندانی و گونجانیان بۆ ئەم پیشەیە.

٨. پشتگیری فەرمانگەکانی ناو شار (ئاسایش، تەندروستی، پۆلیس، بەرگری شارستانی، باجی دەرامەت، شارەوانی، یەکەی سەرپەرشتیاری).

٩. کەفالەی مسۆگەری بە بڕی 5% لە داهاتی ژمارەی قوتابیان لە فەرمانگەی دادنوسی پارێزگا پەسەند کرابێت.

١٠. پسولەی رسوماتی پێدانی مۆڵەت بەبڕی یەک ملیۆن دینار کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان / بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری ئەم پارەیە دەدرێت.

بریکاری و نوێنەریکردن: 

بەڵێ ، بەڵام پێویستە بریكارنامەى هەبێت.

نرخی وەرگرتنی خزمەت: 

رسوماتی پێدانی مۆڵەت دوو ملیۆن دینار وەردەگیرێت لە بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە دیوانی وەزارەت بە پێی پسوولە دارایی (37أ).
ماددەى شەست و چوارەم:
رسوماتى دەرهێنانى مۆڵەت، نوێكردنەوەى مۆڵەت، زيادكردنى بەش و قۆناغەكان، گواستنەوەى خاوەندارێتى (بەپێى ماددەى 13( بۆ قوتابخانە و پەيمانگە ناحكومييەكان بەم شێوەى خوارەوە دەبێت، بەگوێرەى پسوولەى ( 37أ):
١.رسوماتى وەرگرتنى مۆڵةت بەم بڕانەى خوارەوە دەبێت بۆ يەكجار لەكاتى وەرگرتنى مۆڵةتدا:
باخچەى منداڵان: 2،000،000 دوو مليۆن دينار

ماوەی پێویست: 

لە وەزارەتی پەروەردە بە یەک هەفتە تەواو دەبێت كە بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوونكراوەتەوە:

١. پێشکەشکردنی فۆڕمی ژمارە (1) بۆ وەزارەتی پەروەردە و وەرگرتنی پشتگیری سەرەتایی بۆ ئەو فۆرمە سێ ڕۆژ دەخایەنێت.

٢. سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و وەرگرتنی نوسراو بۆ بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکانی ناو پارێزگاکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

٣. کۆکردنەوەی هەندێک داواکاری پەیوەندی بە خودی داواکارەوە هەیە لە ڕووی ئامادەکردنی باڵەخانە و پێداویستییەکان و هەندێکیشیان لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی ناو پارێزگاکە کاتی پێویستە بەهۆی دەرچوونی لیژنەکانیان بۆ سەردانی ئەم باڵەخانەیە لەبەرئەوە مانگ و نیوێك دەخایەنێت.

هەنگاوەکان: 

١. یەکەم هەنگاو پێشکەشکردنی داوایەک بۆ وەزارەت.
٢. وەرگرتنەوەی فەرمانی وەزاری بە پێدانی مۆڵەت.

ژوورەکان: 

خزمەت خواز تەنها سەردانی یەک ژوور دەکات:

ئەویش پێشکەشکردنى داوکارییەکەیەتى بە پێــی فۆرمى ژمارە (١)، لێره سەردانى ژوورى پەیوەندار دەکات وە بە ووردى پەراوەکانى ووردبین دەکرێت ومامەڵەکەى لێ وەردەگیرێت بە بێ کەم وکوڕی .

واژو: 

ئەم چواردە واژووەی پێویستە:

١. بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا: بە مەبەستی وەرگرتنی نوسراو بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ کراوە.

٢. فەرمانگەی تەندروستی پارێزگا: بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوون لە تەندروستی و بەرجەستەبوونی مەرجە تەندروستییەکان و فریاگوزاری سەرەتایی لە باڵەخانەی باخچەی منداڵان.

٣. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگا: بە مەبەستی دڵنیابوون لە باری ئاسایش و هەبوونی زانیاری باخچەکە لەلایەن بنکەی ئاسایشی ئەو ناوچەییەی کە باخچەکەی لێ دادەمەزرێت.

٤. بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی پارێزگا: بە مەبەستی دڵنیابوون لە خاوەنی باخچەکە کە بە هیچ تاوانێک سزا نەدرابێت و داواکراو نەبێت لەلایەن دادگا.

٥. بەرگری شارستانی پارێزگا: بە مەبەستی دانانی ئاگر کوژێنەوە و مەرجەکانی سەلامەتی لە باخچەکەدا.

٦. بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناوچەکە: بە مەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی و لارینەبوونی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناوچەکەی و شیاوی شوێنی بیناکە بۆ باخچەی منداڵان.

٧. باجی دەرامەت: بە مەبەستی هێنانی ئەستۆ پاکی باجی دەرامەت.

٨. واژوی لیژنەی ئەهلی پارێزگا: بە مەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی ڕای پەروەردەی پارێزگای پەیوەست.

٩. واژوی لیژنەی وردبینی وەزارەت بە مەبەستی وردبینی کردنی سەرجەم بەڵگەنامەکان و پێداویستییەکان.

١٠. واژوی بەڕێوەبەری باخچەی ساوایان (خۆی بەرپرسی ئەم قۆناغەیە).

١١. واژوی بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومیەکان (بڕیاردەری لیژنەی باڵای پێدانی مۆڵەتە).

١٢. واژوی لیژنەی باڵای مۆڵەت لە وەزارەت کە بریتیین لە (بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی، واژوی بەڕێوەبەری گشتی بنەڕەتی و باخچەکانی ساوایان، بەڕێوەبەری گشتی ئامادەیی و پیشەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگا و مەشقکردن.

١٣. واژوی وەزیری پەروەردە.

١٤. واژوی بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی لەسەر گرێبەستەکە.

ژمارەی سەردان: 

خزمەت خواز تەنها دوو جار سەردانی دەکات:

١. جاری یەکەم بۆ پێشکەشکردنی .
٢. جاری دووەم بۆ وەرگرتنەوەی فەرمانی وەزارەت و واژووکردنی گرێبەست.

تێبینى / تەنهــا لە کاتێکدا پێویست بکات بەلێننامە پربکاتەوە پێویست دەکات بۆ ماوى دوو رۆژ سەردانى وەزارەت بکات بۆ تەواو کردنى .

پێداویستی لە دامودەزگای تر: 

بە پێی فۆڕمی باخچەی منداڵان پێویست بە شەش فەرمانگەیە لەناو شارۆچکە یان شار کە ئەوانیش بریتین لە:

١. بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا: بۆ وەرگرتنی نوسراو بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ کراوە.

٢. فەرمانگەی تەندروستی پارێزگا: بۆ پشکنین و دڵنیابوون لە تەندروستی و بەرجەستەبوونی مەرجە تەندروستییەکان و فریاگوزاری سەرەتایی لە باڵەخانەی باخچەی منداڵان.

٣. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگا: بۆ دڵنیابوون لە باری ئاسایش و هەبوونی زانیاری باخچەکە لەلایەن بنکەی ئاسایشی ئەو ناوچەییەی کە باخچەکەی لێ دادەمەزرێت.

٤. بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی پارێزگا: بۆ دڵنیابوون لە خاوەنی باخچەکە کە بە هیچ تاوانێک سزا نەدرابێت و داواکراو نەبێت لەلایەن دادگا.

٥. بەرگری شارستانی پارێزگا: بۆ دانانی ئاگر کوژێنەوە و مەرجەکانی سەلامەتی لە باخچەکەدا.

٦. بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناوچەکە: بۆ وەرگرتنی رەزامەندی و لارینەبوونی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناوچەکەی و شیاوی شوێنی بیناکە بۆ باخچەی منداڵان.

٧. باجی دەرامەت: بۆ هێنانی ئەستۆپاکی باجی دەرامەت.

زانیاری دەربارەی فۆرم و هاوپێچ: 
بەڵێ، فۆڕمی ژمارە (1) بێ بەرامبەر لە بەڕێوەبەرایەتی باخچەی ساوایان دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت و پێویستی بە عەریزەنوس نییە و ئەم فۆرمە مەرج نییە تەنها لە بەڕێوەبەرایەتی باخچەی ساوایان بەدەست بهێنرێت لەبەر ئەوەی هیچ مۆرێکی لەسەر نییە. ئەم فۆرمە بەیاسا ڕێکخراوە.
ناونیشان / ئەدرەس: 

ئەدرەسی سەردانی هاوڵاتی-وازارەتی پەروەردە-بەڕێوەبەرایەتى قوتابخانە وپەیمانگە ناحکومیەکان

١.هەولێر/ شەقامی شەست مەتری/ پشت تەلاری نوێی پارێزگای هەولێر/ پاشكۆی وەزارەتی پەروەردە، بۆ زانیارى زیاتر پەیوەندى بەم ئیمێــلە بکرێت esambotani@yahoo.com
٢.پارێزگای هەولێر سەنتەرى شار تەنیشت وەزارەتى تەندروستى minister0ffic@moe.com
٣.پارێزگای سلێمانی تەنیشت بەڕێوەبەراتەى هاتووچۆى سلێمانى parwarda.nongov@gmail.com
٤.پارێزگای دهۆك سەنتەرى شــــار نزیک بەرگرى شارستانى نەورۆز education1@gmail.com
٥.ئیدارەی گەرمیان سەنتەرى شــــار edu.garmian@gmail.com
٦.پارێزگای هەڵەبجە سەنتەرى شـــــار education.halabja@gmail.com

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی و بەشداری سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی و لە چوارچێوەی پرۆسەی بەردەوامی چاکسازی و خستنەڕووی داتا و زانیاری و شەفافیەت و حوکمڕانی دروست، پرۆگرامی خزمەت رادەگەیەنێت.

پۆرتالی خزمەت بەشێکە لە پرۆگرامی خزمەت، کە لە ئێستادا رێنمایی تەواو سەبارەت بە چۆنیەتی راییکردنی مامەڵە تایبەتەکان بڵاودەکاتەوە. لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم پۆرتالە کار و چالاکیەکانی فراوانتر دەکات.

ئایا ئەم رێنماییە بەسوودبوو؟